هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "کۆریێرێ دیلا سێرا"ی ئیتاڵی ڕایگەیاند کە هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ قەیرانی ئێران نییە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و دەسپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەقینە بخرێنە گەڕ.
سەرۆکی هەرێم جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات خاکەکەی دژی دراوسێکان بەکاربهێنرێت و کورد نابێتە بەشێک لەم شەڕەی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن هەرگیز باسی گۆڕینی ڕژێمی تارانی لەگەڵ هەولێر نەکردووە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد کە گۆڕینی سیستەمی ئێران بە بۆردوومانی ئاسمانی مەحاڵە، چونکە ئەو ڕژێمە تێکەڵەیەکی بێوێنەیە لە ئایین و ناسیۆنالیزم و شەڕەکە وایکردووە لایەنگرانی ناوخۆیی زیاتر یەک بگرن.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی عێراق، سەرۆکی هەرێم ناڕەزایەتی بەرامبەر حکومەتی بەغدا دەربڕی و ڕایگەیاند کە ڕازی نین لە هەوڵەکانیان، چونکە هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ ڕێگری لە هێرشی میلیشیاکان نانێن کە تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر هەرێم.
لە لایەکی دیکەوە، نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی نیشان دا بۆ یارمەتیدانی ئابووری جیهان لە کاتی داخرانی گەرووی هورمزدا، بە جۆرێک کە دەتوانن هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆرییەکانی کوردستانەوە لە ٣٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٧٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بکەنەوە.
سەرۆکی هەرێم سوپاسی هێزەکانی ئیتاڵیای کرد بۆ هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانیان و داوای کرد دوای کشانەوەیان، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا.
بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوو، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ڤاتیکان بکات و لەلایەن پاپای نوێوە پێشوازی لێ بکرێت، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کولتووری پێکەوەژیان و پاراستنی پێکهاتە ئایینییەکان لە کوردستان.