دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: ئەوانەی دەستیان بە خوێنی گەلەکەمان سوورە بە سزای خۆیان دەگەن

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە پرسەی هەردوو قوربانییەکەی گوندی زەرگەزەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر کرد، و ڕایدەگەیەنێت کە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە بە سزای خۆیان دەگەن و بەردەوامیش دەبن لە پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە پرسەی ئەو دوو هاووڵاتییەدا کرد، کە لە گوندی زەرگەزەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر شەهید کران، و پرسە و هاوخەمیی خۆی بۆ خانەوادە و کەسوکاریان دەربڕی.

لە پەراوێزی پرسەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە جارێکی دیکە بەبێ پاساو هێرش کراوەتە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە شەهیدکردنی ئەو دوو هاوژینە جێگەی داخی هەموو لایەکە، و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بارزانی و تەواوی خەڵکی کوردستان کرد.

مەسرور بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، کە ئەمە چەندین جارە بەبێ هۆ و پاساو هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، و دڵنیایی دا کە ئەوانەی دەستیان بە خوێنی گەلی کورد سوورە، درەنگ یان زوو بە سزای خۆیان دەگەن.

لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە، کە بەردەوام دەبن لەسەر ڕێبازی قوربانییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەرزیی گەل، و هەروەها بۆ پاراستنی خاک و وڵاتەکەیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP