دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: سێشەممە دەتوانین کۆتایی بە ئێران بهێنین

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە کاتی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لەناو خاکی ئێران، ڕووبەڕووی تەقەی سوپای ئەو وڵاتە بوونەتەوە. ترەمپ وتی، بەخت یاوەریان بووە کە چەکەکانی سوپای ئێران باش نەبوون، بۆیە جگە لە فڕۆکەوانەکە کە پێشتر بە سەختی بریندار بوو، کەسی تر بریندار نەبوو.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە ٢٠٠ سەربازی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بەشدار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەی دەتوانێت تەنیا لە یەک شەودا کۆتایی بە ئێران بهێنێت و وتیشی "پێم وایە ئەو شەوە، شەوی سێشەممە دەبێت".

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا پلانەکەیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێرانە و بۆ تەواوکردنی جەنگەکەش پێویستیان بە کاتی زیاترە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئێرانییەکان نایانەوێت خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام واشنتن ناچاریان دەکات بێنە سەر مێزی ڕێککەوتن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP