هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کرد، کە سەدان ئەندامی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا (Special Operations) گەیشتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پێدانی بژاردەی سەربازیی زیاتر بە دۆناڵد ترەمپ لە جەنگی دژی ئێراندا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی ٣ی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە هێزە دەستەبژێرەکانی وەک "ڕێنجەرز" (Rangers) و "سیلز" (SEALs) پەیوەندییان بە هەزاران سەربازی مارێنز و چەتربازەوە کردووە کە پێشتر لە ناوچەکە جێگیر کرابوون. بەمەش کۆی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٥٠ هەزار سەربازی تێپەڕاند.
سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانی ئۆپراسیۆنەکان:
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، بوونی ئەم هێزە تایبەتمەندانە دەرگا بەڕووی چەندین سیناریۆی مەترسیداردا دەکاتەوە، لەوانە:
١- کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز: بەشداریکردن لە پاراستنی ئاسایشی گەرووەکە کە لە لایەن ئێرانەوە بە کردەیی داخراوە.
٢- دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارک: ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران (وەک ئەوەی ترەمپ ئاماژەی پێدابوو).
٣- لێدان لە ژێرخانی ئەتۆمی: ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیسفەهان بە مەبەستی لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
پەیامی سەربازیی واشنتۆن
بەرپرسانی پنتاگۆن ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەرچەندە تا ئێستا ئەرکی دیاریکراو بەم هێزانە نەسپێردراوە، بەڵام جێگیرکردنیان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ تاران کە کۆشکی سپی هەموو بژاردەکان، لەوانە هێرشی زەمینیی سنووردار، تاوتوێ دەکات. لە ئێستادا ژمارەی سەربازانی ئەمریکا ١٠ هەزار سەرباز لە ئاستی ئاسایی زیاترە، ئەمەش نیشانەی ئامادەباشییە بۆ "فراوانکردنی ڕووبەری جەنگ" کە پێ دەنێتە مانگی دووەمی خۆیەوە.