دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتانیاهۆ: واقیعی ئەمنی لە باکوور دەگۆڕین و ناوچەی دابڕاوی باشووری لوبنان فراوان دەکرێت

هەرێم نیوز

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە فەرمانی فەرمی بۆ فراوانکردنی "ناوچەی دابڕاوی ئەمنی" لە باشووری لوبنان دەرکردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ گۆڕینی ڕیشەیی بارودۆخی سنوورە باکوورییەکانی وڵاتەکەی.

نەتانیاهۆ ڕۆژی یەکشەممە دوای کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندەکانی سوپا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل چیتر لە پێگەی بەرگریدا نەماوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ لایەنێکی هێرشبەر و دەسپێشخەر کە لە قووڵایی خاکی دوژمناندا کار بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکان دەکات.

جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم فراوانکردنە، ڕێگریکردنە لە هەر ئەگەرێکی هێرشی زەمینی و دوورخستنەوەی مەترسیی مووشەکی دژە تانکە لەسەر ناوچە سنوورییەکان.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارەکەیدا رایگەیاند ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس، تووشی شکستی گەورە هاتوون و چیتر ئەو هێزە نین کە مەترسی لەسەر بوونی ئیسرائیل دروست بکەن، بەڵکو ئێستا تەنها بۆ مانەوەی خۆیان تێدەکۆشن.

نەتانیاهۆ ئاماژەی بە پلانێکی سێ قۆڵی کرد بۆ دروستکردنی پشتێنەی ئەمنی لە باشووری سووریا، کەرتی غەززە و باشووری لوبنان، بە مەبەستی گۆڕینی نەخشەی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وتیشی کە حکومەتەکەی بەردەوامە لە لێدانی ئەو توانا مووشەکییانەی کە لای حیزبوڵڵا ماونەتەوە و دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە تاوەکو گۆڕینی تەواوەتیی واقیعی ئەمنی لە باکوور، لە هێرشەکانیان ناوەستن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP