هەرێم نیوز
سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هۆشداری دەداتە تەواوی زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایدەگەیەنێت، لەمەودوا ئەو شوێنانە وەک "ئامانجی شەرعی سەربازی" هەژمار دەکرێن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی 3ی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، بەهۆی بە ئامانجگرتنی زانکۆ و ناوەندە توێژینەوەکانی ناوخۆی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، بڕیاری وەڵامدانەوەی هاوشێوەیان داوە. سوپای پاسداران داوا لە خوێندکاران، مامۆستایان و دانیشتووانی دەوروبەری ئەو زانکۆیانە دەکات، بۆ پاراستنی گیانیان بە لایەنی کەم یەک کیلۆمەتر لەو ناوەندانە دوور بکەونەوە.
لە بەیاننامەکەدا مۆڵەتێک تاوەکو نیوەڕۆی سبەینێ دووشەممە 30ی ئادار (بە کاتی تاران) بۆ ئەمریکا دیاریکراوە. سوپای پاسداران داوا دەکات واشنتن بە فەرمی هێرشەکانی سەر زانکۆکانی ئێران سەرکۆنە بکات، بە پێچەوانەوە زانکۆکانی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەخرێنە ژێر هێرشی تۆڵەسەندنەوە.
ئەم هەڕەشەیەی تاران دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی دێت کە کرانە سەر "زانکۆی تەکنەلۆژیای ئیسفەهان" و "زانکۆی زانست و پیشەسازیی تاران". سوپای پاسداران دەڵێت، بەرنامەی ئەتۆمی تەنیا بیانوویە و ئامانجی راستەقینەی ئەو هێرشانە لێدانە لە ژێرخانی زانستی و کولتووریی وڵاتەکە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش پشتیوانی خۆی بۆ ئەم بەیاننامەیە دەربڕی و رایگەیاند، واشنتن و تەلئەڤیڤ دەیانەوێت پەردەپۆشی مەبەستە راستەقینەکانیان بکەن بۆ لێدان لە توانای زانستی و ناسنامەی شارستانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.