هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" ئاشکرای کرد، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) خەریکی داڕشتنی پلانێکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی زەمینی لەناو خاکی ئێران، کە ئەگەری هەیە هێزە تایبەتەکان و هێزی پیادەی نەریتی تێدا بەشدار بن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی 3ی 2026، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، پنتاگۆن خۆی بۆ ئۆپراسیۆنێکی زەمینی چەند هەفتەیی لەناو ئێران ئامادە دەکات. ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران پێدەنێتە هەفتەی پێنجەمی خۆیەوە.
وردەکاریی پلانە سەربازییەکە
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پلانەکان چەند بژاردەیەکی جیاواز لەخۆ دەگرن، لەوانە:
• ئەنجامدانی هێرشی خێرا لەلایەن هێزەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەتەوە.
• بەشداریپێکردنی هێزی پیادەی ئاسایی بۆ هێرشی فراوانتر.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ئایا سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندیی کۆتایی لەسەر هیچ کام لەو پلانانە داوە یان نا، بەڵام ئامادەکارییەکان لە ئاستێکی باڵادان.
لە چوارچێوەی ئەم ئامادەکارییانەدا، ئیدارەی ترەمپ هێزی پیادەی زیاتری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەزاران سەربازی دیکە لە فیرقەی 82ی چەترباز (82nd Airborne Division) لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بگەیەنرێنە ناوچەکە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازیی کتوپڕ.