دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: تاوەکو بەدیهێنانی ئامانجەکانمان لە جەنگ بەردەوام دەبین

هەرێم نیوز

لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران بەردەوامن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕووخاندنی ڕژێمی تاران تەنیا بە دەستی خودی ئێرانییەکان دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 3ـی 2026، گیدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێشتر لە بەرامبەر ئێراندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بانگەشەی ئەوەشی کرد کە لە ئێستادا تاران زۆر لاوازتر بووە، بەڵام تاوەکو بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانیان لە جەنگ بەردەوام دەبن.

سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش ڕایگەیاند کە ئیسرائیل چاوەڕوانە حکومەتی لوبنان بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی لە خاکەکەیەوە ئەنجام دەدرێن.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بوونی هەر جۆرە ئارەزوویەکی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی لوبنانی بە توندی ڕەتکردەوە.

ئەم لێدوانەش وەک کاردانەوەیەک بوو بۆ قسەی بەرپرسێکی لوبنان کە ڕایگەیاندبوو دانوستان لەسەر مێزە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی شاندی دانوستانکار دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP