دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

فایەق زەیدان هۆشداری دەداتە هێرشبەران و دەڵێت بەپێی یاسای تیرۆر سزاکەیان لەسێدارەدانە

هەرێم نیوز

فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕایدەگەیەنێت کە سزاکەیان دەگاتە ئاستی لەسێدارەدان.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 3ـی 2026، فایەق زەیدان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە نێردەی دیپلۆماسی دەستەیەكی فەرمییە و نوێنەرایەتیی وڵاتێك دەكات لە ناوخۆی وڵاتێكی تردا.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو نێردانە پێکهاتوون لە باڵیۆزخانە و كونسوڵگەری و بارەگای نیشتەجێبوونی باڵیۆز لەگەڵ تەواوی كەلوپەلەكانیاندا.

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختی لەوە کردووەتەوە کە نێردە دیپلۆماسییەكان ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕن لە بەهێزكردنی هاوكاریی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری لە نێوان وڵاتاندا.

بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش کە دیارترینیان ڕێككەوتنی ڤیەننایە بۆ ساڵی 1961، ئەو نێردانە پارێزگارییەكی تایبەتیان هەیە و هەر دەستدرێژییەك بۆ سەریان بە تاوانێكی مەترسیدار ئەژمار دەكرێت.

فایەق زەیدان ئاشکرای کردووە کە تاوانی دەستدرێژییەکە خۆی دەبینێتەوە لە هەر كردەوەیەك بۆ بەئامانجگرتنی بارەگاکان یان ئەو كەسانەی لەم شوێنانەدا كاردەكەن بە هەڕەشە و ئابڵۆقەدان.

مەترسیی ئەم هەنگاوەش تەنیا لە زیانگەیاندنی ماددی یان مرۆییدا کورت نابێتەوە، بەڵكو كاریگەریی لەسەر پەیوەندیی وڵاتان دروست دەکات و سەردەکێشێت بۆ پچڕانی پەیوەندییەکان.

لە چوارچێوەی یاسایی عێراقیشدا، ئەم جۆرە کردەوانە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969 سزای توندیان بۆ دیاری کراوە و وەک تاوانی دژی ئاسایشی دەرەوە پۆلێن دەکرێن.

لە کۆتاییشدا جەختی کردووەتەوە کە بەپێی مادەی دوو لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ـی ساڵی 2005، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان بە کردەوەی تیرۆریستی دادەنرێت و سزاکەی لەسێدارەدانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP