هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، ڕۆژانی پشووی فەرمیی لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا ڕاگەیاند و کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامیشی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 3ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی پشووەکانی جەژنی بۆ فەرمانبەران دیاری کرد.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە سبەینێ چوارشەممەوە کە دەکاتە 18ـی ئازار، پشووی فەرمیی جەژنی ڕەمەزان لە تەواوی دامەزراوەکاندا دەست پێدەکات.
هەروەها بڕیارەکە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە پشووەکە بەردەوامیی دەبێت تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 23ـی ئازاری ئەمساڵ.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمیش، حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕۆژی سێشەممە 24ـی ئازار دەوام لە سەرجەم فەرمانگەکاندا ئاسایی دەبێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، ئەنجوومەنی وەزیران هیوای خواستووە کە ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێر و سەقامگیری بۆ هەموو عێراقییەکان و تەواوی ئومەتی ئیسلامی.