هەرێم نیوز
شەوی ڕابردوو، هێرشێکی ئاسمانیی چڕ ناوچەی "جادرییە"ی لە دڵی بەغدای پایتەخت کردە ئامانج، کە تێیدا ماڵی چەندین بەرپرسی باڵای حەشدی شەعبی و فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران پێکران و ژمارەیەک گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "عەین ئەخبار"ی ئیماراتی، لە کاتی هێرشەکەدا دوو بەرپرسی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە شوێنەکەدا بوون و کوژراون، ئەوانیش:
• حامد ناسری: بەرپرسی ڕێکخستنی هێرشی میلیشیاکان.
• عەلی کەریمیان (حاجی ئەبوسادق): فەرماندە لە سوپای پاسداران.
زیانە گیانییەکانی ڕیزەکانی حەشدی شەعبی
هێرشەکە چەندین سەرکردەی کاریگەری حەشدی شەعبیشی گرتووەتەوە، لەوانە:
1. سەلاح مەگسووسی: بەرپرسی توانای ئەندازەیی لە حەشدی شەعبی.
2. تاڵیب مووسەوی: فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشد لە پارێزگای دیالە.
ئەبو فەدەك و ئەبو ئالا وەلائی کراونەتە ئامانج
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکە ماڵی عەبدولعەزیز محەمەداوی (ئەبو فەدەك)، سوپاسالاری حەشدی شەعبی و ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای کردووەتە ئامانج، بەڵام باس لەوە دەکرێت ئەبو ئالا لە کاتی بۆردومانەکەدا لە ماڵەکەی خۆیدا نەبووە.
ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی ئەو شەڕە سێقۆڵییەدایە کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرساوە. میلیشیاکانی عێراق بە پاساوی لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و بەغدا، لە بەرامبەردا واشنتن بە چڕی پێگە و بارەگاکانی ئەو گروپانە لە ناوخۆی عێراق بۆردومان دەکات.