دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە یاریگاوە بۆ پەنابەری؛ چیرۆکی ئەو پێنج کچە ئێرانییەی ترەمپ پشتیوانی کردن

هەرێم نیوز

پاڵەوانێتی جامی ئاسیای ٢٠٢٦ بۆ کچان لە ئوسترالیا، تەنها ڕووداوێکی وەرزشی نەبوو بۆ هەڵبژاردەی ئێران، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە ژیانی پێنج کچە یاریزانی ئەو وڵاتە کە بڕیاریان دا چیتر بێدەنگ نەبن.

لە کاتی لێدانی سروودی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێنج یاریزانی سەرەکی کە بریتی بوون لە:
• زەهرا قەنبەری (کاپتنی تیپەکە)
• فاتیمە پەسەندیدە
• زەهرا سەربالی
• عاتیفە ڕەمەزانزادە
• مونا حەموودی

ئامادە نەبوون سروودەکە بڵێنەوە و بە بێدەنگی ڕاوەستان. ئەم هەڵوێستە لە ناوخۆی ئێران وەک "ناپاکی" وەسف کرا و میدیا فەرمییەکانی دەوڵەت هێرشێکی توندیان کردە سەریان.

دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئێران بەرامبەر فلیپین دۆڕا و لە پاڵەوانێتییەکە چووە دەرەوە، ترس و دڵەڕاوکێ ئەو پێنج کچەی گرتەوە. ئەوان دەیانزانی گەڕانەوە بۆ تاران واتە ڕووبەڕووبوونەوەی زیندان و سزای قورس، بۆیە بە نهێنی لە هۆتێلەکەیان جیا بوونەوە و خۆیان ڕادەستی پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیا کرد و داوای مافی پەنابەرییان کرد.

کێشەی ئەم کچانە سنوورەکانی وەرزشی بەزاند و گەیشتە ناو کۆشکی سپی. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا کرد پارێزگاری لەو کچانە بکات و مافی مانەوەیان پێ بدات، چونکە ژیانیان لەژێر هەڕەشەی ڕژێمی ئێراندایە.

لە ڕۆژی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦، حکومەتی ئوسترالیا بە فەرمی مافی مانەوەی بەو پێنج یاریزانە بەخشی. پۆلیس کچەکانی بۆ شوێنێکی پارێزراو گواستەوە. ئێستا دەرگایەکی نوێ لە ژیانی وەرزشییان کراوەتەوە؛ یانەی (بریسبین ڕۆری) ئوسترالی ئامادەیی نیشانداوە هەموویان وەربگرێت بۆ ئەوەی لە خولی پیشەگەری ئوسترالیا بەردەوام بن لە یاریکردن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP