هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تووندترین هەڕەشەی سەربازیی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ داخستنی گەرووی هورمز باجەکەی لەناوبردنی قەوارەی دەوڵەتی ئێران دەبێت.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سەکۆی "تروس سۆشیال" نووسیویەتی، ئەگەر ئێران ڕێگری لە ڕۆیشتنی نەوت لە گەرووی هورمز بکات، ئەمریکا بە هێزێک وەڵامی دەداتەوە کە ٢٠ هێندە بەهێزتر بێت لەوەی تا ئێستا تاران بینیویەتی. وتیشی: "مردن، ئاگر و توڕەیی بەسەریاندا دەبارێنین."
سەرۆکی ئەمریکا ستراتیژیی هێرشەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەو پێگانە دەکەنە ئامانج کە ئاسانن بۆ لەناوبردن، ئەمەش بە جۆرێک دەبێت کە "مەحاڵ بێت ئێران بتوانێت جارێکی دیکە وەک دەوڵەت خۆی بونیات بنێتەوە."
ترەمپ ئەم هەڵوێستە تووندەی وەک پاراستنی بەرژەوەندییەکانی جیهان وەسف کرد و وتی:
"ئەمە دیاریی ئەمریکایە بۆ چین و هەموو ئەو وڵاتانەی گەرووی هورمز بەکاردێنن. هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییەی ئەمریکا بە سوپاسگوزارییەوە وەربگرن."