دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

چین چۆن لە کێشەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئێران دەڕوانێت؟

هەرێم نیوز

لە رۆژى هەشتى ئازارى ئەمساڵدا،کە رۆژى ژنان و ئافرەتانی جیهانە، وانگ یی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لیژنەى ناوەندیی حیزبی شیوعی چین و لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەى ئەو وڵاتە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانى دا وەڵامی رۆژنامەنووسانى دایەوە، بەتایبەتى لەو بوارانەى کە ئەمڕۆ رووبەڕووی جیهان بووەتەوە، ئەو بە وردی تیشکی خستە سەر دواگۆڕانکارییەکان و هەڵوێستی وڵاتەکەى لەبارەیانەوە.

وانگ یی لە سەرەتاى گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد ئەوەى لە جیهانی ئێستادا دەگوزەرێت سەدەیەک زیاترە مرۆڤەیایەتى بەخۆیەوە نەیبینیوە، گوتیشى چین لەو نێوەندەدا نایەوێت لە هیچ بابەتێکی جەنگییەوە تێوەبگلێت و رایگەیاند لەسەر وەسیەتى سەرۆکی وڵات شی جی بینگ بژاردەى دبلۆماسیەت زۆر لە جەنگ باشترە و دەبێت پارێزگاریی لەسەروەریی وڵاتی خۆمان بکەین و هەمووان هانبدەین بۆ سەروەریی یاسا و دادپەورەریی و خۆسەرقاڵکردن بە زانست و زانیاریی و پێشکەوتنەکانەوە. گوتیشى تاکڕەویی و حساب نەکردن بۆ ئەوانى تر هۆکاریی هاتنە پێشەوەى سیاسەتى بەکارهێنانى هێزە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پێکەوەکارکردن و چەسپاندنی دادپەوەریی لە هەموو جیهان راگەیاند و گوتیشى بەم شێوەیە دەتوانین جیهان بگەیەنیینە کەنارەکانى ئارامیی و خۆشژییان.

لەبارەى رۆڵی چین لە ناکۆکییەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، وانگ یی رایگەیاند ئەوە کێشەیەکە هەموو جیهانى بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، هەڵوێستى ئێمە بە تەواوەتى روونە و چەند جارێکیش داواى وەستاندنى بەپەلەى جەنگەکەمان کردووە، باوو باپیرانى ئێمە لە چینییە کۆنەکان دەمێکە لەبارەى جەنگەوە گوتوویانە: جەنگ میکانیزمێکی ترسناکە بۆ چارەسەرى کێشەکان، بۆیە تادەکرێت نابێت دەستى بۆ ببرێت.چەندینجار رامانگەیاندووە پەنا بردن بۆ هیز کێشەکان چارەسەر ناکات، جەنگ رەقى زیاتر بڵاودەکاتەوە، کێشە و ئاریشەى گەورە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە راگرتنى جەنگ هۆکارێکی باشە بۆ گەڕانەوەى ئاشتى و ئارامیی لە ئێران و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش بۆیە دەبێت هەمووان رێکبکەوین لەسەر ئەم بنەمایانە:

یەکەم: رێزگرتن لە سەروەریی یاسا 
بەم کارە سەروەریی و رێز بۆ هەموو ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە کە لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاستدان، بەتایبەتى ئێران، بەوەش دەبێتە زامن بۆ ئەوەى وڵاتانى دیکە لە کێشەکەوە نەگلێن.

دووەم: رێگریی کردن لە بەکارهێنانى هێزى لەرادەبەدەر
هەمووان دەزانن گوتارى حەق جیایە لە گوتاریی هێز، نابێت جیهان بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەکارهێنانى یاساى دارستان، هەرکەس هێزی زیاترى بەکارهێنا ماناى ئەوە نییە بەهێزترینە و لە هەمان کاتدا کەسانى سڤیل و بێچەکی وڵاتانیش بکاتە سوتوو.

سێیەم: خۆلادان لە دەستێوەردانى وڵاتان
گەلانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خاوەنی وڵاتەکانى خۆیانن لەناوچەکەدا، دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ئەوە مافى خۆیانە، بۆیە گۆڕانکاریی ئەگەر لە سەر خواستى گەلان و وڵاتان خۆیان نەبێت لە کۆتاییدا رەتدەکرێتەوە.

چوارەم: چارەسەرکردنى کێشە سیاسییە گەرمەکان بە خێرایی
چین بەردەوام خوازیاریی چارەسەرکردنى کێشەکانە بە شێوەیەکی ئاشتییانە، پێویستیشە هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆ بەخێرایی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دادپەوەرانە و لەرێگەى گفتوگۆوە و ئەمەش هەوڵی هەموو لایەکی دەوێت.

پێنجەم: دەبێت زلهێزەکان نیەتى باشى خۆیان ئاشکرا بکەن
پەندێکى دێرینی چینییەکان هەیە کە دەڵێت: کاتێک دادپەوەریی نەما سەرکەوتن دەبێتە دۆڕان، بۆیە دەبێت وڵاتە زلهێزەکان دەست بە دادپەروەرییەوە بگرن و بچنەوە سەر رێگە راستەکە و وزەو تواناکانیان لە رێگەى ئاشتەوایی و گەشەپێدانى وڵاتانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەخەرج بدەن.

ئاماژەى بەوەشکرد کە چین وەک هاوبەشێکی ستراتیژیی زۆرینەى وڵاتانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو ئامادەگییەکی تێدایە بۆ ئەوەى دەستپێشخەریی بکرێت بۆ گەڕاندنەوەى ئاشتى و ئارامیی لە سەرانسەرى جیهاندا و ئاشتى و ئارامیی بگەڕێتەوە بۆ هەموو گەلانى ناوچەکە.

لەبارەى ململانێکانی نێوان چین و ئەمریکا وانگ یی رایگەیاند ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات زیانى گەورە بە جیهان دەگەیەنێت بۆیە پێویستە پەیوەندییەکان بەرەو ئەرێنى بڕوات و رێزی دوو لایەنە بێتە ئاراوە هەردوولامان بەدواى چارەسەرە ئاشتیخوازەکانەوە بین بەلاى چینەوە دەستبردن بۆ ئاسایشى وڵاتەکەمان هێڵی سوورە ، هاوکاریی و دەرامەتى هاوبەش رێگە راستەکەى پێکەوە ژیانى هەردوو گەلەکەیە ، ئەوەى ئێمە ئاگاداریی بین هەردوو سەرۆک لەپەیوەندیی باش و ئەرێنیدان و هەر ئەم رێگەیەش زامنی ئاسایشى نێو دەوڵەتییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP