هەرێم نیوز
شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٧ی ئادار، ئیسرائیل و ئەمریکا قورسترین شەپۆلی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر تاران و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران ئەنجامدا، کە تێیدا بۆ یەکەمجار ژێرخانی مەدەنی و فڕۆکەخانەکان کرانە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، زیاتر لە ٨٠ فڕۆکەی جەنگی بەشداربوون لە هێرشێکی چڕ بۆ سەر ژێرخانە سەربازییە سەرەکییەکانی ئێران. ئامانجی ئەم هێرشە پەکخستنی تەواوەتی توانای مووشەکی و سەربازیی ئێران بووە بۆ وەڵامدانەوە.
ئەو شوێنانەی لەم شەپۆلەدا کراونەتە ئامانج بریتین لە:
• فڕۆکەخانەی مێهرئاباد: یەکێک لە گەورەترین فڕۆکەخانەکانی ئێران بە چڕی بۆردومان کرا و ژمارەیەک فڕۆکەی مەدەنی لە ناو فڕۆکەخانەکەدا تێکشکان.
• زانکۆی "ئیمام حوسێن": ناوەندی سەرەکی مەشق و ڕاهێنانی ئەفسەرانی سوپای پاسداران.
• ژێرخانی مووشەکی: کۆگاکانی مووشەکی بالیستی و سەکۆکانی ئاڕاستەکردن لە ژێر زەوی بەتەواوی پەکخراون.
ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە تەنها "سەرەتا"ی هێرشەکانە بۆ سەر ژێرخانی مەدەنیی دەسەڵاتی ئێران. ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە لە ٢٨ی شوباتەوە جەنگەکە دەستیپێکردووە و لە شەپۆلی یەکەمدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و چەندین بەرپرسی سەربازی کوژران.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە تاران لە وەڵامی کوژرانی ڕێبەرەکەیدا، بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ١٢ وڵاتی جیاواز، ئەمەش وایکرد هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاستی هێرشەکانیان بۆ سەر تاران بگەیەننە لوتکە.