دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕووسیا زانیاریی هەواڵگریی هەستیار دەداتە ئێران بۆ لێدانی هێزەکانی ئەمریکا

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ئاشکرای کردووە، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، مۆسکۆ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تێوەگلاوە و زانیاریی وردی هەواڵگریی لەسەر جوڵەی هێزەکانی ئەمریکا خستووەتە بەردەستی تاران.

سێ بەرپرسی باڵا کە ئاگاداری ڕاپۆرتە نهێنییەکانن، بە ڕۆژنامە ئەمریکییەکەیان ڕاگەیاندووە، مۆسکۆ شوێنی وردی کەشتییە جەنگییەکان، فڕۆکەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بۆ تاران دیاری کردووە. ئەم هاوکارییە بە ئامانجی یارمەتیدانی ئێران بووە بۆ پێکانی وردی ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەکانی واشنتنەوە هەیە.

شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو وردکارییە زۆرەی لە هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەبینرێت، بەرهەمی هاوکارییە هەواڵگرییە بۆشاییەکانی ڕووسیا و وێنەی مانگە دەستکردە سیخوڕییەکانی مۆسکۆیە.

دارا ماسکۆت، شارەزا لە کاروباری سەربازیی ڕووسیا دەڵێت: "ئێران لە ڕێگەی ڕووسیاوە دەستی بە زانیاریی وردی ڕادارەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و سیستەمی فەرماندەیی ئەمریکا گەیشتووە."

نیکۆڵ گرایفسکی، توێژەر لە زانکۆی هارفارد، پێی وایە ئەم هاوکارییە گۆڕانکاریی گەورەی لە هاوسەنگیی هێزدا دروست کردووە، چونکە تاران توانیویەتی لە چەند شوێنێکدا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ببڕێت. چاودێران دەڵێن ئەمە ئاماژەیە بۆ دروستبوونی بەرەیەکی نوێی (ڕووسیا-ئێران) دژی واشنتن، کە مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی سەربازانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا بە ڕەسمی لێدوانیان لەسەر ئەم ڕاپۆرتە نەداوە، بەڵام هەواڵەکە بووەتە مایەی نیگەرانیی قووڵ لە واشنتن. چاودێران پێیان وایە ئەم پەرەسەندنە نوێیە ئەمریکا ناچار دەکات بە تەواوی ستراتیژیی وەڵامدانەوەی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP