هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەرجە قورسەکانی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سەردەمی دانوستانە کلاسیکییەکان کۆتایی هاتووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" بە زمانی کورت و بڕاوە نووسیویەتی: "هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکرێت، جگە لە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج!" ئەم پەیامە دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و پەککەوتنی ژێرخانی سەربازیی ئێران دێت، کە واشنتن وەک کارتی فشار بەکاری دەهێنێت.
ترەمپ تەنها هەڕەشەی نەکرد، بەڵکو پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئێران و سەرکردایەتیی داهاتوو کرد. ئەو مەرجی ئاوەدانکردنەوەی ئێرانی بەستەوە بە "دیاریکردنی سەرکردەیەکی مەزن و پەسند". ترەمپ دەڵێت:
• ئەمریکا و هاوپەیمانە "ئازاکانی" ئامادەن ئێران لە لێواری وێرانبوون ڕزگار بکەن.
• کاردەکەن بۆ ئەوەی ئابووری ئێران "گەورەتر، باشتر و بەهێزتر" بێت لە هەر کاتێکی دیکە.
سەرۆکی ئەمریکا لە هەنگاوێکی تەنزئامێزدا، دروشمە بەناوبانگەکەی خۆی (MAGA) گۆڕیوە بۆ (MIGA) و نووسیویەتی: "ئێران ئاییندەیەکی مەزنی دەبێت... با ئێران مەزن بکەینەوە." ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ترەمپ دەیەوێت سیستمێکی نوێی سیاسی لە تاران دابمەزرێت کە تەواو هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی واشنتن.