دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بڕیاری نوێ بۆ ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی؛ ئاسایش چەند ڕێنماییەکی توند دەردەکات

هەرێم نیوز

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، چەند ڕێنماییەکی توند و پێویستی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سلێمانی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێم بەیاننامەیەکی فەرمیی ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەپێناو پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان، نابێت بەبێ مۆڵەت تیمی میدیایی لە شوێنی ڕووداوەکان نزیک ببنەوە.

ئاسایش بەتوندی هۆشداری داوە کە پەلە نەکرێت لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی شوێنی بۆردوومانەکان، تا ئەوکاتەی زانیاریی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.

هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت میدیاکان پێش دەزگا ئەمنییەکان بکەون و، تەنیا دەبێت پشت بە وتەبێژی ئاسایش وەک سەرچاوەی فەرمی ببەستن.

لە بەشێکی دیکەدا داوا کراوە، کەناڵەکان خۆیان لە هەواڵی ناڕاست بپارێزن کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو بازاڕ و هاووڵاتییاندا.

ئاسایش هۆشداریشی داوەتە میدیاکان کە خۆیان لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی میدیا بیانییەکان بپارێزن، کە دژە بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لەم جەنگەدا بەتەواوی بێلایەنە و، نابێت هیچ زانیارییەک پێچەوانەی ئەم بێلایەنییە بڵاو بکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP