هەرێم نیوز
میدیایەکی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی مانگێکدا بەرپرسانی باڵای ئێران سەدان ملیۆن دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی وڵات، هاوکات وەزیری گەنجینەی ئەمەریکاش دەڵێت "سەرکردەکانی ئێران شێتانە پارە دەبەنە دەرەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026، کەناڵی 14ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە سێ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و کوڕەکانیان، تەنیا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاریان لە ئێران بردووەتە دەرەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئەو بەرپرسانە بۆ گواستنەوەی سامانەکانیان زیاتر پشت بە دراوی دیجیتاڵی، پارەی کاش و زێڕ دەبەستن، بەشێک لەو پارەیەش ڕەوانەی مۆسکۆ و سەنگافورە کراوە بۆ سەر هەژماری کۆمپانیایەک بە ناوی (ILT Capital).
ڕاپۆرتەکە ناوی هەریەک لە عەلی لاریجانی، عەلی شەمخانی و عەلی کەریمیانی هێناوە کە لەم پرۆسەیەدا تێوەگلاون و پارەکان لە ڕێگەی کوڕەکانیانەوە بەتایبەت بۆ دوبەی گواستراونەتەوە.
پێشتریش هەمان سەرچاوە بڵاوی کردبووەوە کە پێنج بانکی گەورەی ئێران لە لێواری داڕماندان و تەنیا لە ماوەی 48 کاتژمێردا نزیکەی یەک ملیار و نیو دۆلار براوەتە دەرەوە، تەنانەت موجتەبا خامنەییش زیاتر لە 328 ملیۆن دۆلاری لە ڕێگەی دراوی دیجیتاڵییەوە گواستووەتەوە.
لە هەمان کاتدا و پەیوەست بەم پرسە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا جەختی لەم دۆخە کردەوە و ڕایگەیاند کە سەرکردەکانی دەسەڵاتی ئێران بە شێوەیەکی شێتانە و خێرا سامان و پارە لە وڵاتەکەیان دەبەنە دەرەوە.
ناوبراو ئەو کارەی بەرپرسانی تارانی بەوە وەسف کرد کە "مشکەکان خەریکە کەشتییەکە جێدەهێڵن"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەست بە نزیکبوونەوەی کۆتاییەکەیان دەکەن.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بە کاریگەریی گەمارۆکانی وڵاتەکەی کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەوان قەیرانی کەمیی دۆلاریان لە ئێران دروست کردووە، ئەمەش وای کردووە دراوی ئێرانی تووشی داڕمانی خێرا ببێت و هەڵاوسان بگاتە ئاستێکی مەترسیدار. بێسێنت پشتیوانیی خۆیشی بۆ سیاسەتی "فشاری زۆرینە"ی دۆناڵد ترەمپ دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی دۆخەکە و فشارخستنە سەر تاران.