هەرێم نیوز
وەفدێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەولێرە و تاوتوێی ڕاپۆرتی کۆمپانیایەکی بەریتانی دەکەن کە بڕیارە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم یەکلایی بکاتەوە، هاوکات ڕێککەوتنە کۆنەکەش بۆ سێ مانگ درێژ کراوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی 2ی 2026، وەفدێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی مەعارج، بریکاری وەزارەتی نەوت گەیشتە هەولێر و لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەفدی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە. تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پەیوەستە بە کارەکانی کۆمپانیای (Wood Mackenzie)ی بەریتانی کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتییە و ئەرکی هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا پێ سپێردراوە.
ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدایە کە ماوەی نزیکەی دوو مانگە کۆمپانیا بەریتانییەکە دەستبەکار بووە و بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت لە ماوەی 90 ڕۆژدا کارەکانی تەواو بکات، واتە ئێستا نزیکەی مانگێک ماوەی کارکردنی ماوە و دوای تەواوبوونی دەبێت ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات. هەردوو حکومەتیش چاوەڕوانی ئەوەن لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ئەم کۆمپانیایە، ڕێککەوتنی نوێی نەوت بکەن و لە بودجەی 2026دا جێگیری بکەن.
لەلایەکی دیکەوە کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاندبوو کە ڕێککەوتنی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا کە بۆ ساڵانی 2023 تا 2025 واژۆ کرابوو، بەهۆی پەسەندنەکردنی بودجەی نوێ لە عێراق، بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە و تا 31ی ئاداری 2026 کاری پێ دەکرێت.