هەرێم نیوز
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ٢ی ٢٠٢٦، مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێران ئامادەیە بیر لە ئیمتیازەکان بکاتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا، بە مەرجێک ئەمریکییەکان ئامادە بن گفتوگۆ لەسەر هەڵگرتنی سزاکان بکەن.
تەختڕەوانچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی ئاماژەی بەوە کرد: تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە و ئەگەر ئەوان جددی بن، دڵنیام لەسەر ڕێگای ڕێککەوتن دەبین.
وتیشی: تاران پێشنیاری کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە ڕێژەی ٦٠٪ کردووە وەک نیشانەیەک بۆ ئامادەیی، بەڵام جەختی کردەوە "پیتاندنی سفر لەسەر مێز نییە، لانیکەم لە لایەن ئێرانەوە".
سەبارەت بە توانای موشەکیی وڵاتەکەی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کاتێک لەلایەن ئیسرائیلی و ئەمریکییەکانەوە هێرشکرایە سەرمان، موشەکەکانمان فریای ئێمە کەوتن، کەواتە چۆن قبوڵ بکەین خۆمان بێبەش بکەین لە توانا بەرگرییەکانمان؟
تەختڕەوانچی ئاشکرای کرد: لە ڕێگەی عومانەوە پێمان وتراوە کە ئەمریکییەکان دەیانەوێت کێشەکان بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن. هۆشداریشی دا کە جەنگ بۆ هەمووان زیانبەخش دەبێت و وتی: ئەگەر هەست بکەین هەڕەشەیەکی وجودی هەیە، بەو پێیە وەڵام دەدەینەوە.