هەرێم نیوز
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکانیان گورزێکی کوشندەیان لە کەرتی پیشەسازیی ئێران وەشاندووە و زۆربەی تواناکانی بەرهەمهێنانی پۆڵای ئەو وڵاتەیان پەکخستووە.
دوێنێ هەینی ٣ـی نیسانی ٢٠٢٦، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی ڤیدیۆیی ناتانیاهۆی بڵاوکردەوە. ئەم ڕاگەیاندنە تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە گەورەترین ناوەندە پیشەسازییەکانی ئێران دانیان بە ڕاگرتنی کارەکانیاندا نا.
خاڵە سەرەکییەکانی پەیامەکەی ناتانیاهۆ:
• لەناوبردنی ژێرخانی ستراتیژی: ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد کە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی %70ی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێران لەناو بەرێت.
• بڕینی سەرچاوە داراییەکان: ئامانجی ئەم هێرشانە بێبەشکردنی سوپای پاسدارانە لەو داهاتە زەبەلاحەی لە ڕێگەی پۆڵاوە دەستی دەەکەوت، هەروەها پەکخستنی کارگەکانی چەکسازی کە پۆڵا وەک کەرەستەی خاو بەکاردەهێنن.
• هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن: جەختی لەوە کردەوە کە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە جەنگەکە بەردەوام دەبن تاوەکو "بە تەواوەتی دەسەڵاتی ئێران تێکدەشکێنن."
ناوەندە پێکراوەکان و زیانەکان
هێرشە چڕەکانی هەفتەی ڕابردووی ئەمریکا و ئیسرائیل، دوو جەمسەری سەرەکیی پیشەسازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج:
1. کۆمەڵگەی پۆڵای موبارەکە (ئیسفەهان): گەورەترین بەرهەمهێنەری پۆڵا لە ئێران و ناوچەکە، کە چەندین جار ڕووبەڕووی بۆردومانی چڕ بووەوە.
2. کۆمپانیای پۆڵای خوزستان: دووەم گەورەترین جەمسەری پیشەسازیی پۆڵا لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، کە بەهۆی زیانەکانەوە بە فەرمی کارەکانی ڕاگرت.
لێکەوتەکان
پۆڵا یەکێکە لە گرنگترین کەرتەکانی ئابووریی ئێران دوای نەوت و گاز. پەککەوتنی ئەم کەرتە نەک تەنها زیانی ملیاران دۆلار لە تاران دەدات، بەڵکو دەبێتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کرێکار و پەککەوتنی پیشەسازییەکانی ئۆتۆمبێل، بیناسازی و بەرهەمهێنانی موشەک و تانک لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.