هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، دانوستانەکان دەرفەتێکن بۆ چارەسەری دۆسیەی ئەتۆمی و هەوڵی هەڵگرتنی سزاکان دەدەن، بەڵام داوا لە ئەمەریکا دەکات "جددی بێت و واز لە قسەی زیادە بهێنێت."
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی 2ی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە توانایدایە لەپێناو پاراستنی سەربەخۆیی خۆیدا بە ڕووی هێزە دەرەکییەکاندا بوەستێتەوە.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بە پشتیوانیی وڵاتانی دراوسێ بەڕێوەچوو و ئەوەش "هەلێکە بۆ چارەسەری دادپەروەرانەی دۆسیە ئەتۆمییەکە"، جەختیشی کردەوە کە هەوڵ بۆ هەڵگرتنی سزاکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی ئێران لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم دەدەن.
سەرۆکی ئێران ڕوونی کردەوە کە پێشوازی لە هەر دانوستانێک دەکەن کە لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی بێت و گوتی: "ئێمە جددیین و هەوڵ بۆ گەیشتن بە چارەسەر دەدەین، بەو مەرجەی لایەنی بەرامبەریش جددی بێت." لە کۆتاییشدا پەیامێکی ئاراستەی واشنتن کرد و وتی: "واز لە قسەی زیادە بهێنن."