دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

وەزارەتی کارەبا: هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر نرخی کارەبا نەهاتووە

هەرێم نیوز

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا هاوبەشانی کارەبای ئاگادار کردەوە کە نرخەکانی کارەبا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و هەمان ئەو نرخە یاساییەیە کە لە ڕۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە و بۆ ماوەی یەک مانگ هەژمار دەکرێت.

وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرزبوونەوەی بڕی پسوولەی کارەبا لە مانگی 1ی ئەمساڵدا، بۆ شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە هاووڵاتییان بڕێکی زۆرتر کارەبا بەکاربهێنن، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نرخەکان لەسەر هاوبەشان.

سەبارەت بە شێوازی پارەدان، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند کە سیستەمی وەرگرتنی کرێی کارەبا بە شێوەی ئۆنلاین هەنگاوێکی شارستانی و شەفافە، کە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان دەکات تاوەکو بەبێ سەردانیکردنی فەرمانگەکان کرێی کارەباکەیان بدەن و کاتەکانیان بپارێزن.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە هەر هاوبەشێک گرفتێکی لە پسوولەکەیاندا هەبێت، تیمە تایبەتەکان لە فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکرا کە بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنن تاوەکو تێچووەکەی نەبێتە بارگرانی دارایی لەسەریان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP