دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پەیوەندی بە "هاوپەیمانیی کوردستان"ەوە دەکات

هەرێم نیوز

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵای موهتەدی، بە فەرمی بوون بە ئەندامی هاوپەیمانیی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.

 ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا مانەوەی ئەم کۆمەڵەیە لە دەرەوەی هاوپەیمانییە نوێیەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر ببووەوە.

دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان پێشتر لەسەر بابەتگەلی وەک "هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە" و "بەرێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناغی گوزاردا" پێداگرییان کردووە و خوازیاری میکانیزمی کردەیی بوون بۆ ئەو مەبەستانە، کە هێشتاش بە گرنگی دەزانن.

کۆمەڵە هۆکاری گۆڕینی هەڵوێستەکەی بۆ دۆخە هەستیار و مێژووییەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێنێتەوە، کە بە وتەی ئەوان پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هاوبەشی زیاترە.

 هەروەها داواکاریی دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی کورد بۆ ڕۆڵگێڕانی کۆمەڵە لە پتەوکردنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، هۆکارێکی تری ئەم بڕیارە بووە.

لە کۆتاییدا، کۆمەڵە جەخت دەکاتەوە کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان دەخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە و بڕیاری داوە لەمڕۆوە بەشداری هاوپەیمانییەکە بکات، تاوەکو لە ڕێگەی دیالۆگی هاوڕێیانەوە لە ناوخۆی هاوپەیمانییەکەدا، ئەو تەوەرانەی بە گرنگی دەزانن چارەسەر بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP