هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 08ی شوباتی 2026، کاروانێکی گەورەی کۆمەک و هاوکارییەکانیان کە لە چوارچێوەی کەمپینی وەزارەتدا ئامادە کرابوون، بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێ خستووە.
ئەم هاوکارییانە پێکهاتوون لە 8910 پاکێجی خۆراک کە لە ڕێگەی 27 بارهەڵگرەوە ڕەوانەی دەروازەی فیشخابوور کراون، بڕیاریش وایە سبەی دووشەممە لە ڕێگەی دەروازەی سمێڵکاوە بگەنە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی بەسەر لێقەومواندا دابەش بکرێن.
دوای گەیشتنی هاوکارییەکان، لە ڕێگەی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سووری کوردی، پڕۆسەی دابەشکردنی پاکێجەکان بەسەر ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەستپێدەکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە.
وەزارەتی دارایی جەختی کردەوە کە ئەم کەمپینە بەشێکە لە ئەرکی مرۆیی و نیشتمانی بەرامبەر بە خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەردەوام دەبن لە گەیاندنی پشتیوانییەکان بۆ پاراستنی بژێوی و سەلامەتی ئاوارەکان لەو ناوچانەدا.