دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 3 هەفتە

عێراقچی: هیچ متمانەیەکمان بە ئەمەریکا نییە

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، "هیچ متمانەیەکیان" بە ئەمەریکا نییە و هۆشداریش دەداتە لایەنە ناوخۆییەکان کە دەست لە کاروباری دانوستانەکان وەرنەدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی 2ی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی کۆنگرەیەکدا لە تاران ڕایگەیاند: "ئەمەریکا هەموو کارێکی کرد، سەرکەوتوو نەبوو و ناچار بوو بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان."

عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە دڵنیا نین لەوەی دانوستان سەر دەگرێت یان نا، چونکە "هیچ متمانەیەکمان بە ئەمەریکا نییە، بۆیە هەموو ئەگەرێکی فێڵ و فریودان لەبەرچاو دەگرین و دەبێت هۆشیار بین."

وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی توندیشی ئاراستەی لایەنە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "پێویستە حکومەت و هەموو لایەنەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و کاریان بە ئێمەوە نەبێت، ئێمە دانوستان دەکەین جا بە ئەنجام بگەین یان نەگەین."

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی هەینی لە مەسقەت، گەڕی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەنێوان شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف و شاندی ئێران بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆکانی بە "زۆر باش" وەسف کردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکە بەڕێوەبچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP