هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی تونددا بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر بەردەوامیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە تاران هیچ مەرجێک بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم قبووڵ ناکات.
عێراقچی ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی شوبات، لە کۆنفرانسی "سیاسەت و مێژووی پەیوەندییەکانی دەرەوە" ڕایگەیاند: "کەس مافی ئەوەی نییە داوای سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆممان لێ بکات. ئێمە لەسەر ئەم مافە بەردەوام دەبین، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگیش."
وەزیری دەرەوەی ئێران بەراوردێکی لە نێوان سیاسەتی ئێستا و ڕابردووی وڵاتەکەی کرد و وتی:
• "شا دەچووە ئەو شوێنەی کە ئەوان (ڕۆژئاوا) دەیانویست."
• "بەڵام ئێمە ئێستا توانای خۆڕاگڕیمان هەیە و بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری مافەکانمان نابین."
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانی پێشتر بۆ پەکخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لە ڕێگەی هێرشەوە شکستیان هێناوە و وتی: "پێشتر هێرشیان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، بەڵام نەیانتوانی بگەنە هیچ ئەنجامێک، بۆیە ئێستا هیچ ڕێگەیەک لە بەردەمیاندا نەماوە جگە لە گفتوگۆ."