هەرێم نیوز
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: "دوو داعشی خۆکووژ لە پارێزگای ئەنبار خۆیان تەقاندەوە"،دەشڵێت، هێزەکانیان گەمارۆی "ئەمنی ئەنبار"ی داعشیان داوە، بەڵام پێش دەستگیرکردنیان "خۆیان تەقاندووەتەوە."
ئەمڕۆ هەینی 6ی 2ی 2026، ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند، پاڵپشت بە زانیاریی وردی هەواڵگری، هێزەکانیان لە ناوچەی (خەسیم) لە قەزای قائیم گەمارۆی مۆڵگەیەکی تیرۆریستییان داوە کە "ئەمنی ئەنبار" و یاوەرێکی تێدا بووە، بەڵام لەکاتی گەمارۆدانەکەدا تیرۆریستەکان پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکانیان تەقاندووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام هیچ زیانێک بەر هاوڵاتییانی مەدەنی نەکەوتووە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 27ی مانگی ڕابردوو هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕووداوێکی دیکەدا لە شاری ڕومادی، هێرشێکی تیرۆریستییان پووچەڵ کردەوە دوای ئەوەی خۆکوژێکیان لەناو ڕێستۆرانتێکدا بە کەمین دەستگیر کرد پێش ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە.