هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە (٤ـی شوباتی ٢٠٢٦)، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە سیادییەکانی عێراق کۆدەبنەوە، کە تێیدا بژاردەی کاندیدکردنی نوری مالیكی و پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار تاوتوێ دەکرێن.
عەلی سابر کینانی، ئەندامی فراكسیۆنی "ئەبشیر یا عێراق" لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی (الصباح)ی ڕاگەیاندووە، کە تاوەکو ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئارادایە و ڕەنگە ئەنجامی گفتوگۆکان ئاراستەی کاندیدەکە بگۆڕن.
کینانی ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، باس لە دیاریکردنی وادەیەک دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، کە بڕیارە لە دوو ڕۆژ تێپەڕ نەکات. ئەمەش دوای ئەو پێشنیازانە دێت کە لە هەرێمی کوردستانەوە خراونەتە ڕوو.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، هەڵسەنگاندنی ئەنجامی سەردانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان ئەنجامدراون بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی حکومەت.
سەرەڕای کۆبوونەوە بەردەوامەکان، کینانی جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا بابەتەکان بە تەواوی یەکلایی نەکراونەتەوە و پرۆسەکە پێویستی بە ڕێککەوتنی کۆتایی هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.