دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان بارزانی و شەرع

هەرێم نیوز

بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێ شەوی سەرۆک مەسعوود بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بڵاوکردەوە و تێیدا تیشک دەخرێتە سەر هەنگاوەکانی داهاتووی ناوچەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "دیالۆگ و لێکتێگەیشتن تەنیا ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان بێت". ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دوورکەوتنەوە لە بژاردەی سەربازی و پەنابردن بۆ مێزی گفتوگۆ لە سووریای نوێدا لێک دەدرێتەوە.

بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکە تەرخانکراوە بۆ بارودۆخی سووریا و دوایین گۆڕانکارییەکان، بەتایبەتی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). هەردوولا باسیان لە هەنگاوەکانی داهاتوو کردووە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە ئاشتی و سەقامگیری لە تەواوی سووریادا بەرقەرار بێت، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکان بپارێزرێت و کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بهێنرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP