هەرێم نیوز
گۆڤاری تایمی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، کە ئەگەری هەیە تەنها لە دوو رۆژی هەشت و نۆی کانوونی دووەمدا، تاوەکو 30,000 کەس لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کوژرابن.
بەپێی وتەی ئەم سەرچاوانە، توندیی کوشتارەکە بە رادەیەک بووە کە توانای حکومەت بۆ گواستنەوە و ناشتنی تەرمەکان بەشی نەکردووە. تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە کۆگاکانی کیسەی تەرم بە تەواوەتی کۆتایییان هاتووە.
ئەم ئامارە ناوخۆییە کە پێشتر رانەگەیەندراوە، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو ئامارەی کە پێشتر لەلایەن بەرپرسانی نزیک لە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کرابووەوە، کە باسیان لە کوژرانی تەنها 3,117 کەس دەکرد.
گۆڤاری تایم جەختی کردووەتەوە کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ راستیی ئەم ژمارەیە پشتڕاست بکاتەوە. بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ئامارە لەگەڵ ئەو زانیارییانە دەگونجێت کە پزیشکان و تیمەکانی فریاگوزاری بە نهێنی کۆیان کردووەتەوە.
ئەم راپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە پچڕانی بەرفراوانی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی توندی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا رێگرن لە دەستکەوتنی ئاماری ورد و دروستی قوربانییەکان لە سەرتاسەری ئێراندا.