دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

شەرع لە داگیرکردنی قودسەوە بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل

هەرێم نیوز
ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل ئاشکرای دەکەن کە بە نێوەندگیریی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سووریا و ئیسرائیل لە لێواری واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی و دیپلۆماسیی مێژووییدان، کە ڕەنگە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بە تەواوی بگۆڕێت.

بەگوێرەی تۆڕی "i24NEWS"ی ئیسرائیلی، کۆبوونەوەیەکی نزیک لە نێوان بەرپرسانی باڵای دیمەشق و تەلئەبیب لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا. ئامانجی کۆبوونەوەکە دانانی کۆتا دەستکارییە لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەمنیی گشتگیر. بەپێی سەرچاوەکان، "گەشبینییەکی گەورە" هەیە کە پێش کۆتایی ئەمساڵ (٢٠٢٦)، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق بە فەرمی بکرێتەوە.

ڕێککەوتنەکە تەنیا ڕەهەندی ئەمنی نییە، بەڵکو پڕۆژەی ستراتیژی و ئابووریی هاوبەش لە ناوچە دابڕێنەرەکانی نێوان هەردوو وڵات لەخۆدەگرێت. تێڕوانینە نوێیەکە بریتییە لە گۆڕینی ناوچەکانی جەنگ بۆ "ناوچەی هاریکاری ئابووری".
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە سووریا سەرەتا تەنیا داوای "نووسینگەی پەیوەندی" کردووە، بەڵام لەژێر فشاری ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ و ئارەزووی دیمەشق بۆ کرانەوەی نێودەوڵەتی، ئاستی ڕێککەوتنەکە بۆ "پەیوەندی دیپلۆماسی تەواو" بەرزکراوەتەوە.

• مەرگی سەرەکی: دیمەشق داوای لێکتێگەیشتنی وردی کردووە سەبارەت بە دۆخی "درووزەکان" و تێکەڵکردنەوەیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا.
ئەم وەرچەرخانە دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، هەردوو وڵات لەسەر میکانیزمێکی هێورکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی دەرگای بازرگانی ڕێککەوتبوون. ئەگەر ئەم هەنگاوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گەورەترین سەرکەوتنی دیپلۆماسیی ئیدارەی ترەمپ دەبێت لە ناوچەکە و سووریا بە تەواوی لە هاوپەیمانێتیی "تەوەرەی بەرگری" دوور دەخاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP