دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: بە شکۆوە یادی شەهیدانی کارەساتی 1ـی شوبات دەکەینەوە

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ٢٢ـەمین ساڵیادی مەرگەساتی ١ی شوباتدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکان و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەهیدانی ١ی شوبات سیمبۆلی پێکەوەژیان و یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی ڕۆڵەکانی کوردستانن لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا. وتیشی: "ئەو شەهیدانە لە کاتێکدا گیانیان بەخشی کە خەریکی پیرۆزبایی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لە پێناویدا شەهید بوون."

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان، "پاراستنی دەستکەوتەکان و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە". داواشی کرد کە ئەم یادە بکرێتە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدان بێت.

پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم وەبیرهێنانەوەی ڕووداوە دڵتەزێنەکەی ساڵی ٢٠٠٤ بوو، کاتێک تیرۆریستان لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، دوو بارەگای پارتی و یەکێتییان لە هەولێر کردە ئامانج و بەهۆیەوە کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP