هەرێم نیوز
سەرۆکی ڕووسیا لە پێشوازیی سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەریی سوریادا ڕایدەگەیەنێت، مۆسکۆ پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی فوراتیش بە "هەنگاوێکی گرنگ" وەسف دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی 1ی 2026، ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا لە کۆشکی کرملین پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەریی سوریا کرد.
لە دیدارەکەدا پۆتین ڕایگەیاند: "ڕووسیا چاودێریی هەوڵەکانی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی خاکی سوریا و پەیوەندییەکانیشمان گەشەی کردووە."
پۆتین جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی یەکێتیی سوریا کردەوە و وتی: "گەڕانەوەی ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژئاوای کوردستان) بۆ باوەشی دیمەشق هەنگاوێکی گرنگ بوو."
لای خۆیەوە ئەحمەد شەرع دڵخۆشیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و وتی: "سوریا لە ساڵی ڕابردوودا زۆر بەربەستی بڕی، دوایینیان یەکخستنی خاکەکەی بوو."
ئاماژەی بەوەش کرد کە هیوادارن هەوڵەکانی ڕووسیا بەردەوام بێت بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.