هەرێم نیوز
راپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرای دەکەن، یەکێک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای چین و هاوڕێی نزیکی سەرۆکی ئەو وڵاتە، بە تۆمەتی "خیانەتی گەورە" و پێدانی نهێنیی ئەتۆمی بە هەواڵگریی ئەمریکا دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی 1ی 2026، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، ژەنەڕاڵ (ژانگ یوشیا)ی تەمەن 75 ساڵ، جێگری سەرۆکی لیژنەی سەربازیی ناوەندیی چین، کە یەکێک بوو لە متمانەپێکراوترین هاوپەیمانەکانی شی جین پینگ، ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بووەتەوە و دەستگیر کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو فەرماندەیە تۆمەتبارە بەوەی "داتای تەکنیکیی سەرەکیی تایبەت بە چەکە ئەتۆمییەکانی چینی بۆ ئەمریکا ئاشکرا کردووە" و لە بەرامبەر بەرژەوەندیی کەسیدا زانیاریی داوەتە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) و بەرتیلی وەرگرتووە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، سەرۆکی چین تیمێکی تایبەتی ڕەوانەی شاری (شینیانگ) کردووە بۆ دەستگیرکردنی، تیمەکەش لەبەر هەستیاریی دۆخەکە لەبری بنکە سەربازییەکان، لە هۆتێلەکان ماونەتەوە بۆ ئەوەی لەلایەن لایەنگرانی ژەنەڕاڵەکەوە ئاشکرا نەبن.
ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی ساڵێکە هێزی مووشەکیی سوپای چین تووشی پشێوی بووە و شی جین پینگ هەڵمەتێکی فراوانی پاکسازیی لەنێو سەرکردایەتیی سوپاکەیدا دەست پێ کردووە.