هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵیادی ئازادکردنی کۆبانێدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو سەرکەوتنە بەرهەمی بەرگریی هاوبەشی پێشمەرگە و شەڕڤان بووە و دەڵێت: "هەرگیز کۆبانێ ناکەوێت."
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی 1ی 2026، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 11هەمین ساڵڕۆژی ئازادکردنی شاری کۆبانێ پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: "سڵاو بۆ پێشمەرگە و شەڕڤانە قارەمانەکان دەنێرین کە شان بە شانی یەکتر لە بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەفسانەییدا دژی تیرۆریستانی داعش جەنگان."
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێزانە بە گیانی خۆیان و بەرخودانێکی بێوێنە توانیان کۆبانێ لە دەستی "دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی" ئازاد بکەن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "سەرکەوتنی کۆبانێ سەرکەوتنی گیانی بەرگری و مرۆڤانە بوو بەسەر دڕندەیی تیرۆریستانی داعشدا، بە هەمان ڕۆحیەتی بەرخودان و بەرگری، هەرگیز کۆبانێ ناکەوێت و ئیرادەی سەرکەوتن بەردەوام دەبێت."