هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردەی سوریا بڕیارێکی "مێژوویی" دەردەکات و زمانی کوردی وەک بەشێک لە "ناسنامەی نیشتمانی" دەناسێنێت، بڕیارەکەش ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە کورد تێیدا نیشتەجێیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی 1ی 2026، محەمەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، وەزیری پەروەردەی سوریا بڕیارێکی دەرکرد بە ئامانجی "پاراستنی مافە ڕۆشنبیری و زمانییەکان و پتەوکردنی فرەچەشنی ڕۆشنبیری وەک بەشێک لە ناسنامەی نیشتمانی سوریا."
بەگوێرەی بڕیارەکە، سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان ڕاسپێردراوە لە ماوەی شەش مانگدا پڕۆگرامی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن ئامادە بکات، بە مەرجێک "پێش دەستپێکی ساڵی خوێندنی داهاتوو تەواو ببێت."
لە بڕیارەکەدا هاتووە، زمانی کوردی بە زمانی نیشتمانی دادەنرێت و لەو ناوچانەی کە هاوڵاتیانی کورد ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووان پێکدەهێنن دەخوێندرێت.
سەبارەت بە شێوازی خوێندنەکە، وەزارەتی پەروەردە ڕوونی کردووەتەوە: "زمانی کوردی ماددەیەکی ئارەزوومەندانەیە و هەفتەی دوو وانە دەخوێندرێت، نمرەکەی لە کۆنمرەی کۆتاییدا تۆمار دەکرێت بەڵام کاریگەری لەسەر دەرچوون یان کەوتنی خوێندکار نییە."
دەقی رێنماییەكە :
کۆماری عەرەبی سوریا
وەزارەتی پەروەردە
نووسینگەی وەزیر
بڕیاری ژمارە: ٩٤٣ / ٤٩٢
بەروار: ٢٦ / ١ / ٢٠٢٦
وەزیری پەروەردە، پاڵپشت بە حوکمەکانی مەرسومی ژمارە /١٣/ی ساڵی ٢٠٢٦ و یاسای ژمارە /٣١/ی ساڵی ٢٠٢٤، و بە ئامانجی پاراستنی مافە ڕۆشنبیری و زمانییەکان و پتەوکردنی فرەچەشنی ڕۆشنبیری وەک بەشێک لە ناسنامەی نیشتمانی سوریا، بڕیاری دا بە:
ماددەی ١:
پەسەندکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە وەزارەتی پەروەردە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانی مەرسومی ژمارە /١٣/ی ساڵی ٢٠٢٦ بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: تایبەت بە پڕۆگرامە پەروەردەییەکان
ماددەی ٢:
سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان (مەنهەج) ڕادەسپێردرێت بە ئامادەکردنی پڕۆگرامی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن، بەپێی بنەما زانستی و پەروەردەییە پەسەندکراوەکان، لە ماوەیەکدا کە لە شەش مانگ تێپەڕ نەکات لە بەرواری دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، بە مەرجێک ئامادەکردن و پەسەندکردن و چاپکردنیان پێش دەستپێکی ساڵی خوێندنی داهاتوو تەواو ببێت.
دووەم: تایبەت بە کادیرانی پەروەردەیی
ماددەی ٣:
أ- بەڕێوەبەرایەتی فێرکردن و بەڕێوەبەرایەتی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ڕادەسپێردرێن بە دابینکردنی کادیری پێویست بۆ وانەوتنەوەی زمانی کوردی، جا لە میلاکدا بن یان لە دەرەوەی میلاک، بەپێی ئەم مەرجانە:
١. هەڵگرانی بڕوانامەی زانکۆ یان پەیمانگای ئامادەکردنی مامۆستایان، کە شارەزای زمانی کوردی بن.
٢. هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی گشتی، لەوانەی کە زمانی کوردی دەزانن (لەکاتی پێویستدا).
ب- مەرجە بۆ دڵنیابوونەوە لە شارەزایی زمانی کوردی، تاقیکردنەوەی نووسین و زارەکی ئەنجام بدرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری نیشتمانی پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان.
ماددەی ٤:
بەڕێوەبەرایەتی شیاندن و ڕاهێنان ڕادەسپێردرێت بە کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ ئەو مامۆستایانەی ئەرکی وتنەوەی زمانی کوردییان پێ دەسپێردرێت.
سێیەم: تایبەت بە پلانی خوێندن
ماددەی ٥:
أ- زمانی کوردی بە زمانی نیشتمانی دادەنرێت و ڕێگە دەدرێت لە خوێندنگا حکومی و تایبەتەکاندا بگوترێتەوە، لەو ناوچانەی کە هاوڵاتیانی کورد ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووان پێکدەهێنن، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی فرەچەشنی ڕۆشنبیری.
ب- زمانی کوردی ماددەیەکی ئیختیارییە (ئارەزوومەندانەیە) بۆ ئەو خوێندکارانەی دەیانەوێت بیخوێنن.
ت- زمانی کوردی هەفتەی دوو وانە دەخوێندرێت، نمرەکەی لە کۆنمرەی کۆتاییدا تۆمار دەکرێت بەڵام کاریگەری لەسەر دەرچوون یان کەوتنی خوێندکار نییە.
ث- ئەو خوێندنگایانەی ئێستا زمانی کوردی دەڵێنەوە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی پڕۆگرامە نوێیەکان دەردەچن.
چوارەم: تایبەت بە دیاریکردنی خوێندنگاکان
ماددەی ٦:
بەڕێوەبەرانی پەروەردە لە پارێزگاکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان، پێشنیاری ئەو خوێندنگایانە دەکەن کە زمانی کوردی تێدا دەخوێندرێت (لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاو پێکدەهێنن).
پێنجەم: تایبەت بە بەدواداچوون و جێبەجێکردن
ماددەی ٧:
لیژنەیەکی ناوەندی بە سەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە پێکدەهێنرێت بۆ گرتنەبەری بڕیارەکان و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان.
ماددەی ٨:
ئەم بڕیارە لە بەرواری دەرچوونیەوە کاری پێ دەکرێت.
دیمەشق لە: ٢٦ / ١ / ٢٠٢٦
وەزیری پەروەردە
دکتۆر محەمەد عەبدولڕەحمان تورکۆ