هەرێم نیوز
کاروانی چوارەمی ئەو گەنجانە گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی لیبیا لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆچکردنی نایاسایی بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا دەستگیرکرابوون.
ئەمڕۆ هەینی، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و گەڕانەوەی کۆچبەران، لێژنەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هاوکاری لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراقی فیدراڵ لە لیبیا، ئەم کاروانە لە 100 گەنج پێکهاتبوو کە زۆربەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن و بڕیاریش وایە لە رۆژانی داهاتوودا کاروانێکی تریش بگەنەوە خاکی نیشتمان.
ئەم گەنجانە بەهۆی کۆچی نایاساییەوە رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بووبوونەوە بە جۆرێک هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکانی ئەو وڵاتەدا مابوونەوە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بوبوو. تاوەکو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 202 کۆچبەری نایاسایی لە لیبیا ڕزگار بکات و بیگەڕێنێتەوە و لە ئێستاشدا تیمێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەو وڵاتە کار دەکەن بۆ هێنانەوەی کۆچبەرانی تری کورد کە ژیانیان لە مەترسیدایە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی تر جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە گەنجان و خانەوادەکانیان لە کۆچی نایاسایی و نائاسایی دوور بکەونەوە چونکە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی یاسای وڵاتان و لێپرسینەوەی یاسایی و مەترسی مەرگی بەدوادا دێت.