هەرێم نیوز
لەگەڵ چڕبوونەوەی شەپۆلی بەفر و سەرما و توندبوونی گەمارۆ سەربازییەکان، دۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانێ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ڕێکخراوە تەندروستییەکان هۆشداریی "کۆتاییهاتنی ژیان" لە شارەکە دەدەن.
هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی ڕێکخراوی مانگی سووری کوردی، لە لێدوانێکی دڵتەزێندا ڕایگەیاند: "بەهۆی بەفربارین و سەرما و سۆڵەی تاقەتپڕوکێن، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ٤ منداڵ لە ناو شارەکەدا ڕەقبوونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە." ئەم تراژیدیایە لە کاتێکدایە کە هەزاران خێزانی ئاوارە بەبێ سووتەمەنی و گەرمکەرەوە لە بارودۆخێکی نالەباردا دەژین.
گەمارۆ و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین مافەکان
بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی سووریا، شەپۆلێکی گەورەی ئاوارە ڕوویان لە کۆبانێ کردووە، بەڵام شارەکە بەهۆی گەمارۆوە ناتوانێت پێداویستییەکانیان دابین بکات. مانگی سووری کوردی ئاماژە بەوە دەکات:
• کەمیی خۆراک و دەرمان: گەمارۆکە ڕێگرە لە گەیشتنی هەر هاوکارییەک بۆ ناو شارەکە.
• مەترسیی پەتا: بەهۆی تێکچوونی ژینگەیی و نەبوونی پاکوخاوێنی، نەخۆشییە گواستراوەکان بە خێرایی بڵاودەبنەوە.
• پەککەوتنی کەرتی تەندروستی: نەخۆشخانەکان لە لێواری پەککەوتنی تەواوەتیدان و هیچ وزەیەک بۆ کارپێکردنی ئامێرە پزیشکییەکان نەماوە.
بەرپرسانی تەندروستی لە کۆبانێ هۆشداری دەدەن کە ئەگەر لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی سووتەمەنی و پێداویستییە فریاگوزارییەکان نەکرێتەوە، جیهان دەبێتە شاهیدی کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر کە تێیدا ژمارەی قوربانیانی سەرما لە قوربانیانی شەڕ زیاتر دەبێت.