هەرێم نیوز
ڕیک سانتۆروم، کۆنگرێسمانی دیاری ئەمریکی، هێرشێکی توندی کردە سەر (تۆم باراک) نێردەی دۆناڵد ترەمپ و بە "ناپاکیکردن" لە کورد و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا تۆمەتباری کرد.
سانتۆروم لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردووەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر قوربانییەکانی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕایگەیاندووە: "کوردەکان لە جیاتی ئەمریکا و جیهان شەڕی تیرۆریان کرد و ئەرکە سەختەکەیان دژی داعش ئەنجامدا، ئەوان دیموکراسییەکی فرەئاینییان دامەزراند، بەڵام ئێستا تۆم باراک ناپاکیی لێکردن."
ئەم کۆنگرێسمانە، تۆم باراک بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە پێناو ڕازیکردنی تورکیادا، پشتی تێکردوون:
• ناپاکی لە کریستیانەکان: سانتۆروم دەڵێت باراک نەک تەنها لە کورد، بەڵکو لە کریستیانەکانی سووریاش گەڕاوەتەوە.
• ناپاکی لە ئەمریکا: ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەفتارەکانی باراک لەپێناو تورکیا "ناپاکی لە وڵاتەکەشمان (ئەمریکا)" بووە.
ڕیک سانتۆروم ڕەفتارەکانی نێردەکەی ترەمپی بە "شەرمەزاری" وەسف کرد و بە توندی داوای کرد کە دەبێت هەرچی زووە تۆم باراک لە پۆستەکەی وەک نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا دووربخرێتەوە، چونکە بڕوای وایە سیاسەتەکانی ئەو زیان بە ناوبانگی ئەمریکا و هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی دەگەیەنێت.