هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی دەکات و هەردوولا جەخت لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق و پاراستنی مافی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی 1ی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دواین پێشهاتەکانی دۆخی سوریا تاوتوێ کرا. نێچیرڤان بارزانی جەختی لە بەردەوامیی هەوڵ و پەیوەندییەکان کردەوە بۆ ڕاگرتنی گرژییەکان و دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و دیمەشق، هەروەها دووپاتی کردەوە کە "دەبێت مافی کورد و تەواوی پێکهاتەکان لە سوریایەکی یەکگرتوودا پارێزراو بێت."
لای خۆیەوە مەزڵووم عەبدی، سوپاسی ڕۆڵ و پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و وتی: "ئامادەین و خواستمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەی ئاشتیانە لەسەر بنەمای دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریایەکی یەکگرتوودا."
مەترسی و هەڕەشەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و کاریگەرییان بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی سوریا و ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.