هەرێم نیوز
ئەمشەو هەینی (٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە شێوەیەکی مەیدانی کەمپینی "هەولێر"ی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان بەسەرکردەوە.
ئەم کەمپینە کە لە بەردەم پارکی شانەدەر لە ناوەندی پایتەخت ڕێکخرابوو، دوای ئەوە هات کە بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەزاران هاووڵاتیی کورد ئاوارە بوون و لە دۆخێکی مرۆیی سەختدا دەژین.
پارێزگاری هەولێر لە میانی بەسەرکردنەوەی هاوکارییەکانی هاووڵاتییان، ستایشی نیشتمانپەروەریی خەڵکی هەولێری کرد و ڕایگەیاند:
• خەڵکی هەولێر فەقیردۆستن: "نامۆ نییە خەڵکی هەولێر چاوتێرن و درێغی ناکەن لە کاری خۆبەخشی و کۆمەککردنی برا و خوشکانیان لە ڕۆژئاوا."
• بەردەوامیی کەمپین: تەئکیدی لەوە کردەوە کە ئامانجیان کۆکردنەوەی زۆرترین هاوکارییە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بگەیەنرێتە شوێنی مەبەست و برینی ئاوارەکان ساڕێژ بکەن.
ئەم جووڵە مرۆییەی پارێزگای هەولێر هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە سیاسییەکانی سەرکردایەتیی کورد بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان. خەڵکی هەولێر لە ڕێگەی پێشکەشکردنی کەلوپەل، خۆراک و دەرمان، پەیامی هاوپشتیی خۆیان بۆ براکانیان لە ئەودیو سنوور دووپات دەکەنەوە.