هەرێم نیوز
فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە لێدوانێکی تونددا هۆشداریی دا کە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان بوونەتەوە و ڕایگەیاند کە "کورد لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە".
وتەبێژی هەسەدە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (ڕۆناهی) ئاشکرای کرد، حکومەتی کاتیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان هێزێکی زەبەلاحیان لە دەوروبەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە جێگیر کردووە. فەرهاد شامی وتی: "حکومەتی کاتی و چەتەکانی تورکیا و داعش پێکەوە بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار چەکدارەوە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانمان."
شامی ئاماژەی بەوەش دا کە هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان و توانیویانە دەیان کاروانی ئەو گرووپە چەکدارانە تێکبشکێنن کە هەوڵیان داوە پێشڕەوی بکەن. وتیشی: "حکومەتی سووریا بڕیاری فراوانکردنی هێرشەکانی داوە، بۆیە لە ئێستادا پێویستە گەلەکەمان لەسەر پێی خۆی بێت و بەرگری بکات."
وتەبێژی هەسەدە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و ڕایگەیاند، کە وڵاتانی زلهێز بەرپرسیارن لە هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر زیندانەکانی داعش لە ناوچەکە، چونکە ئەم ئاڵۆزییانە دەرفەت بۆ تیرۆریستان دەڕەخسێنێتەوە.
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، شەوی ١٦ی مانگ ڕایگەیاندبوو وەک نیشاندانی "نیەتپاکی" و بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەکشێننەوە. بەڵام وەک دەردەکەوێت، حکومەتی دیمەشق و گرووپە هاوپەیمانەکانی، کشانەوەی هەسەدەیان وەک دەرفەتێک بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر سەنتەری ناوچە کوردییەکان.