دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیدارەی خۆسەر بانگەوازی چەک هەڵگرتنی گشتی دەکات

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە و تونددا حکومەتی کاتیی سووریا (حکومەتی ئەحمەد شەرع) بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکات و داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ بەرگری لە شارەکانیان چەک هەڵبگرن.

ئیدارەی خۆسەر ڕایگەیاند، ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بە حکومەتی کاتی، بە ڕوونی ڕێککەوتنەکانی دوێنێیان پێشێل کردووە کە مەبەست لێی ڕاگرتنی پەرەسەندنی شەڕ و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی بوو. ئیدارەی خۆسەر جەخت دەکاتەوە کە: "حکومەتی کاتیی دیمەشق بەرپرسیاری تەواوەتی ئەو پێشێلکارییانەیە، چونکە گروپە هێرشبەرەکان لەژێر فەرمانی سیاسی و سەربازیی ئەو حکومەتدان".

لە بڕگەیەکی هەستیاری ڕاگەیەندراوەکەدا، ئیدارەی خۆسەر داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەکەونە داوی "هاندانی میدیاکان" و داوایەکی ڕاستەوخۆ ئاراستەی گەنجان دەکات:
• بەرگریی نیشتمانی: داوا لە کوڕان و کچانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات چەک هەڵبگرن و بەرگری لە شار و ناوچەکانیان بکەن.

• پاراستنی یەکێتی: داوا دەکات یەکێتیی نێوان هەموو پێکهاتەکان بپارێزرێت و ڕێگری بکرێت لەوەی سووریا بکەوێتە ناو شەڕێکی ناوخۆیی نوێوە کە تەنها خزمەت بە دوژمنان دەکات.

ئیدارەی خۆسەر جارێکی دیکە داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات وەک "لایەنی گەرەنتیکار" بێتە سەر هێڵ و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. داوا دەکەن هاوپەیمانان ڕێگری لەم پێشێلکارییانەی دیمەشق بگرن کە مەترسیی لەسەر گیانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی دروست کردووە و وڵات بەرەو وێرانی زیاتر دەبات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP