هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی هەژێنەردا، پەردەی لەسەر وردەکارییەکانی پشت پەردەی ئەو شەوە لابرد کە ناوچەکە تەنیا چەند خولەکێک لە هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دوور بوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دابوو هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان بکاتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەران. بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێکی کورتی "نهێنی" بۆ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ناردووە کە ئاراستەی ڕووداوەکانی گۆڕی.
لە نامە نهێنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڵێنێکی داوە کە بەرپرسانی واشنتنی سەرسام کردووە، کە پێکهاتبوو لە:
• ڕاگرتنی توندوتیژی: دەستبەجێ ڕاگرتنی کوشتنی خۆپیشاندەران لە شەقامەکاندا.
• هەڵوەشاندنەوەی سێدارە: ڕاگرتنی بڕیاری لەسێدارەدانی نزیکەی ٨٠٠ سەرکردەی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان کە بڕیاربوو لەسێدارە بدرێن.
بەرپرسانی ئەمریکا بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، کاتێک ترەمپ ناوەڕۆکی نامەکەی بینیوە، بڕیاریداوە دەستبەجێ فەرمانی هێرشە سەربازییەکە ڕابگرێت. سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە "دواخستن" هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی چاودێریی تاران بکات و بزانێت تا چەند پابەندی ئەو بەڵێنە کتوپڕانە دەبن کە بە نێردەی تایبەتی ئەمریکایان داوە.