هەرێم نیوز
بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز لە عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی 1ی 2026، بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا شاندی ئەمەریکا ستایشی هەوڵەکانی بارزانییان کرد لە خستنەسەرپێی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سووریا.
لای خۆیەوە بارزانی دڵنیایی دایە شاندەکە کە "هەرچی لە توانایدا بێت، بۆ هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدراڵیی بەهێز درێخی ناکات" و بەردەوام دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
سەبارەت بە دۆخی سووریاش، بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە گفتوگۆ دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن.
دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی :
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات
رۆژی سێشەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێز جوشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، کە خاتوو گویندەلن گرین، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، ئامادەی بوو، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد و کورتەیەکی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی یەکگرتوو لە عێراق بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو.
هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕۆشنایشی خستەسەر دۆخی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی سوریا، و ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە خستنەسەرپێی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا.
لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پیرۆزبایی ساڵی تازەی لێ کردن. هەروەها لەبارەی دۆخی عێراق دڵنیایی ئەوەی بۆ شاندی میوان دووپاتکردەوە کە هەرچی لە توانایدابێت، بۆ هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی بەهێز درێخی ناکەن، هەروەها لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گیروگرفتەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لەلایەک چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
سەبارەت بە دۆخی سوریا و ئالنگارییەکانی ناوچەکە بە گشتی، سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپاتکردەوە کە هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و، دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، و هەوڵەکان بۆ بەردەوامی و باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە، تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.