هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، قۆناغی یەکەمی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک تەواو بووە و مانگی داهاتوو قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات کە تایبەتە بە منداڵی تازە لەدایکبوو و پرۆسەی هاوسەرگیری.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی 1ی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێم ئاشکرای کرد، قۆناغی یەکەمی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک کۆتایی هاتووە و 93%ی هاووڵاتییان تۆمار کراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات، کە خۆی دەبینێتەوە لە تۆمارکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو، پرۆسەی هاوسەرگیری و گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە.
لەبارەی تێچووەکەشییەوە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو کارانە بە "وەرگرتنی بڕە پارەیەک" دەبێت و پارەکەش بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی (ڤیزا کارت)ـەوە وەردەگیرێت و داهاتەکەشی بۆ حکوومەتی ناوەند دەگەڕێتەوە.