دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمینداری یەکگرتوو: وەڵامی جوانمان لە پارتی و یەکێتیی بیستووە، بەڵام کارەکە کاتی دەوێت

هەرێم نیوز

سەلاحەدین محەممەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەیاندا وەڵامی جوانیان لە پارتی و یەکێتیی بیستووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە کارەکە ئاسان نییە و پێویستی بە کات و گفتوگۆی زیاترە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی 5ـی 2026، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، سەردانی سەلاحەدین محەممەد بەهادینیان کرد.

ئەم دیدارە دوای دوو ڕۆژ دێت لە ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەک لە لایەن ئەمینداری یەکگرتووەوە بە مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و گەیشتنی پارتی و یەکێتیی بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەت.

ئەمینداری یەکگرتوو لە پەراوێزی سەردانی شاندەکەی پارتیدا ڕایگەیاند، کە بەرپرسانی پارتی بۆ باسکردنی وردەکاریی دەستپێشخەرییەکە هاتوون و ئومێدی سەرکەوتنی پڕۆسەکەی خواست.

 سەبارەت بە نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتییش، وتی: "تا ڕادەیەکی باش دڵخۆشین، چونکە وەڵامی جوانمان بیستووە، بەڵام ئیشەکە وا ئاسان نییە و تۆزێک کات و گفتوگۆی زیاتری دەوێت".

ئەم جووڵە سیاسییە ناوخۆییە لە کاتێکدایە، کە پێشتر مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هیواخوازی ئەوە ببوو لایەنەکان بگەنە ئەو قەناعەتەی کە پێکهێنانی حکوومەت لە بەرژەوەندیی خەڵکدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP