هەرێم نیوز
بارودۆخی ئێران لە کۆتایی ٢٠٢٥ و سەرەتای ٢٠٢٦دا چووەتە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆز و پڕ لە گرژییەوە، دوای زنجیرەیەک ڕووداوی سیاسی و سەربازیی، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، بەتایبەتى شارە گەورەکان و ئەوەى جێگەى سەرنجە تا ئێستا شارو شارۆچکەکانى نەگرتووەتەوە و پێدەچێت هەمووان لە چاوەڕوانى رەوینەوەى ئەو تەمومژەدابن کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت و بەشێکی زۆریشیان لەترسی سەرکوتکردنى بێڕەحمانەى رژێم نەیانەوێت ببنە سوتەمەنى و سەرئەنجامەکەشى دیار نەبێت، چوون تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان رژێمى ئێران لاواز دەکرێت و ناڕوخێنرێت.
لێرەدا پوختەی دوایین گۆڕانکارییەکان و ئامارەکان دەخەینە ڕوو:
دۆخی سیاسی و ئابووریی:
ئێران لەژێر فشارێکی ناوخۆیی و دەرەکی بێوێنەدایە بەجۆرێک لە سەرەتاى ئینقیلابەوە لە ساڵی 1979 وەها دۆخێکی سەختى بەڕێنەکردووە، بۆ روونکردنەوەى ئەو بارودۆخەش چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو:
داڕمانی بەهای تمەن:
ئابووری ئێران گەیشتووەتە نزمترین ئاست و هەڵاوسان بارگرانییەکی زۆری بۆ خەڵک دروستکردووە بەجۆرێک بەهاى تمەن هێندە هاتووەتە خوارەوە کە سەرجەم کارگە و بازاڕو بابەتە بازرگانییەکان راگیراون.
کاریگەری ڕووداوەکانی سوریا:
ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گورزێکی ستراتیژی گەورە بوو بۆ ئێران، کە بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئیقلیمی ئەم وڵاتە و دروستبوونی گومان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا لەبەر ئەوەى سوپا و حکومەتەکەى ئەسەد گەورەترین پشتیوانى ئێران بوون، جگە لەوەى پردی پەیوەندیی و پەڕینەوەى ئێران بوو بەرەو فەلەستین و لوبنان.
خۆپیشاندانەکان و قوربانییەکان:
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، خۆپیشاندانەکان لە تاران، مەشهەد، تەورێز و شارەکانی کوردستان بەشێوەیەکى کەمتر لە(سنە، مەهاباد، سەقز) جارێکی دیکە سەریان هەڵدایەوە، سەرەڕای ئەوەى ئامارەکان ورد و باوەڕپێکراو نین بەڵام بەگوێرەى ئەو گرتە ڤیدیۆیانەى بڵاودەبنەوە سەدان تەرمی هاوولاتیانى خۆپیشاندەر لەنێو پزیشکەدادییەکانى ئەو شارانە خراون بەسەریەکدا و لە چاوەڕوانى وەرگرتنەوەی کەس و کاریاندان، بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییە نافەرمییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ (چونکە حکومەت ئاماری ورد بڵاوناکاتەوە و نایەوێت خەڵک و میدیاکان بزانن)، ژمارەی کوژراوان: لەم شەپۆلە نوێیەی هەفتەکانی ڕابردوودا، مەزەندەى کوژرانی زیاتر لە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ کەس دەکرێت لە سەرانسەری ئێراندا، هەزاران کەس بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی بەکارهێنانی فیشەکی ساچمە و گازی فرمێسکڕێژەوە بووە.
دەستگیرکراوان:
بەگوێرەى ئەو راپۆرتانەى کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا باس لە دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس دەکرێت کە چالاکوانانی مەدەنی و خوێندکاران لە نێویاندایە.
بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
شارە کوردییەکان هەمیشە چەقی ناڕەزایەتییەکان بوون و لە هەفتەی ڕابردوودا، مانگرتنی گشتی لە چەند شارێک ڕاگەیەندراوە، حوزووری سەربازی و ئەمنی لە شارەکانی وەک بۆکان و مەهاباد زۆر چڕ بووەتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت لە زۆر ناوچەدا ڕووبەڕووی پچڕان یان خاویەکی زۆر بوونەتەوە.
فشارە نێودەوڵەتییەکان:
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای نوێیان بەسەر بەرپرسانی ئەمنی ئێراندا سەپاندووە بەهۆی "سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەران" هەروەها دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، دۆخەکەی بەرەو ناسەقامگیری زیاتر بردووە.
تێبینی: ئاماری وردی کوژراوان بەهۆی داخراویی وڵاتەکە و نەبوونی میدیای ئازاد، بەردەوام لە گۆڕانکارییە و ڕەنگە ڕێکخراوە جیاوازەکان (وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران یان هەنگاو) ژمارەی جیاواز بڵاو دەکرێتەوە.